له‌ هه‌شتى مارسدا!

سۆزان جه‌مال

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان دێنه‌ سه‌ر جاده‌ و يادى هه‌شتى مارس پيرۆز ده‌كه‌ن، ئه‌مساڵيش دروشمه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان منداڵيان ده‌بێ، به‌ ژانى قورسه‌وه‌ هاوار له‌ سينه‌ياندا ده‌تاسێ، ڕۆح دێته‌ سه‌ر كوونه‌ لووت و ده‌رناچێ، ئاره‌قه‌ى نێوچه‌وانيان ناسڕن و كۆرپه‌كانيان به‌ سنگيانه‌وه‌ ده‌نووسێنن.

له‌ هه‌شتى مارسدا، كچه‌كان له‌ دايك ده‌بن، دايكه‌كان له‌ ترسى تانه‌وته‌شه‌رى ماڵه‌ خه‌زووران، له‌ تاو چاره‌ڕه‌شى به‌ختى كچه‌ ساواكان كاتێك گه‌وره‌ ده‌بن، به‌ نيگه‌رانييه‌وه‌ له‌ ڕووخسارى كۆرپه‌ كچه‌كانيان ده‌ڕوانن و ميهره‌بانانه‌ گۆى مه‌مكيان ده‌نێن به‌ ده‌ميانه‌وه‌.

له‌ هه‌شتى مارسدا، كچه‌ بچووكه‌كان، گه‌ڵاو گه‌ڵ ڕێ ده‌كه‌ن، ڕه‌نگيان په‌ڕيوه‌ و ناوگيانيان خوێنى خه‌ته‌نه‌كردنى لێ ده‌چۆڕێ!

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ نه‌شته‌رگه‌رى ده‌كه‌ن، ژنه‌كانى هاوڕه‌گه‌زيان له‌ وه‌ره‌م و مردن ڕزگار ده‌كه‌ن، له‌ سه‌ر ده‌ستى ئه‌واندا ژيان له‌ دايك ده‌بێ و واقه‌ى منداڵى ساوا ده‌بيسترێ.

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان ئه‌لف و بێ فێرى منداڵ ده‌كه‌ن، فێرى گۆكردنى وشه‌يان ده‌كه‌ن، ده‌ستييان ده‌گرن و ترسى يه‌كه‌م هه‌نگاونانيان ده‌ڕوێننه‌وه‌.

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان، په‌راسوويان ده‌شكێ، بێ لووت و گوێ ده‌كرێن، به‌ فيشه‌ك و چه‌قۆ جه‌سته‌ى ناسكيان كوون كوون ده‌كرێ. ژنه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌وتوون، وه‌ك قه‌قنه‌س جه‌سته‌يان ڕه‌ش بۆته‌وه‌، ته‌نيا كوونى چاويان و نيگاى نيوه‌ مردوويان ده‌بينرێ و نووزه‌يه‌كى لاواز له‌ گه‌رووى تام دوكه‌ڵاوييانه‌وه‌ ده‌بيسترێ، هه‌ر له‌وێ دوا هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ن و منداڵه‌كانيان به‌ ئه‌مانه‌ت به‌ خوشك و دراوسێ باشه‌كان ده‌سپێرن.

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان بۆ جارى سێيه‌م و چواره‌م تۆراون، لا چاويان شين بۆته‌وه‌، دايكه‌كان دايكانه‌ ئامۆژگارييان ده‌كه‌ن: ڕۆڵه‌ قه‌يناكه‌ ئه‌مجاره‌ش له‌به‌رخاترى منداڵه‌كانت بڕۆره‌وه‌.

له‌ هه‌شتى مارسدا، خوشكه‌كان دڵسۆزانه‌ چێشت بۆ براكان گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌ و گۆره‌وييه‌كانيان به‌ ئاوى گه‌رم و سابوون بۆ ده‌شۆن.

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌ شاعيره‌كان مه‌ستانه‌ شيعر ده‌نووسن، له‌گه‌ڵ په‌پووله‌دا قسه‌ ده‌كه‌ن و نازى گوڵه‌گه‌نمه‌كان هه‌ڵده‌گرن. ئه‌وان له‌ سه‌رزه‌مينێكى دى ده‌ژين.

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان به‌رگرى له‌ نيشتمان ده‌كه‌ن، خوێنى گه‌شيان به‌ سه‌ر سه‌وزه‌ گياى به‌ هاردا ده‌ڕژێ، ئه‌وان له‌ ژنێتى خۆيان بووراون، ژيانى خۆشگوزه‌رانيان كردووه‌ به‌ سه‌ده‌قه‌ى خاك و نه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێكن، له‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و كارگه‌ و قوتابخانه‌ و ماڵ و كونج و په‌نا ديوارێ، ده‌جوڵێن، كار ده‌كه‌ن، ده‌گرين، شه‌هيد ده‌بن، ده‌ژين و ده‌مرن.

ژنه‌كان له‌ هه‌شتى مارسدا، ميهره‌بانانه‌ خوێن و خۆشه‌ويستى ده‌به‌خشنه‌وه‌، بوێرانه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن.

ژنه‌كان له‌ هه‌شتى مارسدا، دنيا وێران ده‌كه‌ن و سه‌رله‌نوێ بنياتى ده‌نێنه‌وه‌.

هه‌شتى مارسى 2017

Advertisements