مامۆستاى به‌ڕێز و هاوڕێى ئازيزم

له‌ ساڵى 2009 دا، له‌ ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا، 8 ى مارس، ته‌نيا چه‌ند سه‌عاتێك به‌رله‌وه‌ى سه‌فه‌ر بكه‌يت، وه‌ك عاده‌تى هه‌موو ساڵێكت، به‌ بۆنه‌ى ڕۆژى جيهانى ژنه‌وه‌، نامه‌يه‌كى پيرۆزباييت بۆ ناردم، ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ك هه‌موو ساڵێ، كاك شێركۆ بێكه‌س وه‌ك ڕێزلێنان له‌ ژن كردبووى به‌ پشووى ڕه‌سمى له‌ ده‌زگا، بۆيه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ به‌يانييه‌كه‌ى نه‌مبينيت، له‌ كاتێكدا دڵنيا دڵنيا بووم، سه‌عات چوارى عه‌سر له‌ كۆڕى شيعر خوێندنه‌وه‌كه‌ى كاك شێركۆ ده‌تبينم و به‌ نامه‌ش وه‌ڵامى پيرۆزباييه‌كه‌م دايته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر تێلفۆنم بۆ كردى. وه‌ك عاده‌تى خۆت به‌ گه‌رمى هه‌واڵت پرسى، منيش وتم خه‌ريكى چيت؟ وتت به‌ڕێوه‌م ده‌چم بۆ كتێبخانه‌ى گشتى بۆ پێشانگاى كتێب (ده‌بێ دواهه‌مين كتێب كه‌ كڕى بێتت چى بووبێت؟)، بۆ نايه‌ى؟ وتم تازه‌ دره‌نگه‌، دوانيوه‌ڕۆ دێم بۆ كۆڕه‌كه‌…ئيدى ئه‌وه‌ دوايه‌مين جار بوو گوێم له‌ ده‌نگت بوو، سه‌د مه‌خابن، چوارى عه‌سر له‌ نه‌خۆشخانه‌ تۆم به‌ خه‌وتوويى بينى، له‌ خه‌وێكى قووڵدا بووى، خه‌وێكى هه‌تاهه‌تايى!

مامۆستا گيان، مردنى تۆ بۆ من، ته‌نيا له‌ ده‌ستدانى مامۆستايه‌كى بليمه‌تى له‌خۆبردوو نه‌بوو كه‌ هه‌موو ساتێ ئاماده‌ بوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌موو پرسياره‌كانم، مردنى تۆ، ته‌نيا له‌ده‌ستدانى سه‌رنووسه‌رى زانستى سه‌رده‌م نه‌بوو كه‌ ده‌لاقه‌يه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى ڕۆشن بوو بۆ خوێنه‌رى كورد، مردنى تۆ، ته‌نيا له‌ ده‌ستدانى هاوڕێيه‌كى فره‌ ئازيز نه‌بوو كه‌ هه‌ميشه‌ دڵى لام بوو، مردنى تۆ، ته‌نيا له‌ ده‌ستدانى باوكێكى ڕۆحى دڵسۆز نه‌بوو كه‌ ته‌نانه‌ت نازى منداڵه‌كانيشمى هه‌ڵده‌گرت.

مامۆستا گيان، به‌ مردنى تۆ، من ڕوونتر له‌ مردن تێگه‌يشتم، قووڵتر هه‌ستم به‌ ئازارى ئه‌و كه‌سانه‌ كرد كاتێك كه‌سێكى ئازيزيان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، دركم به‌ سه‌ختى دوورى نێوان مردن و ژيان هاوكات نزيكى نێوانيشيان كرد. هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه‌ و تا ئێستاش هه‌ميشه‌ ده‌ڵێم خۆزگه‌ هێڵێكى تێلفون له‌ نێوان ئه‌مدنيا و ئه‌ودنيادا هه‌بوايه‌، خۆزگه‌ ئيمه‌يلێ، يان فاكسێ، يان هيچ نه‌بوايه‌ تێلگرافێ هه‌بوايه‌ تا جارناجارێ هه‌واڵێكم بپرسيتايه‌.

سۆزان جه‌مال

هه‌شتى مارسى 2017

Advertisements